لە نێوان ڕەوانبێژى و شێوازگەراييدا
لە نيوەى دووەمى سەدەى بيستەم ، بزاڤى شيكردنەوەى هونەرەكانى ئەدەبى كوردى وەكو پێويستييەكى سەردەم بە گەرمى دەستيپێ كرا، سەرەتاكەى بە بڵاوكردنەوەى وتارو ناوەڕاستەكەى بە دانانى كتێب و لە كۆتاييشدا رێبازێكى گشتگيرى لەخۆگرت، كە تا ڕادەيەكى زۆر لەگەڵا هونەرە ئەدەبييەكان و زانستە زمانەوانييەكانى عەرەبيدا يەكتريان دەگرتەوە .
ئەمەش حاڵەتێكى لۆژێكى ئاسايى بووە، ئەگەر هاتو هۆكارە هاوبەشەكانى هەردوولا لە رووى پەرەسەندنى مێژوويى و تێكەڵكردنى بەرژەوەندييەكانەوە لەبەرچاو بگيرێن. بەڵام پێش ئەوەى ئەم بزاڤە لەسەرپآ ڕاوەستێت لەگەڵا دەرهاوێشتەى تيۆرە زمانەوانييەكانى رۆژئاوادا يەكتريان بڕى و نيمچە ململانێيەكى زانستى دروستبوو، كە هێشتا ئەدگارو كاريگەرييكانى بەتەواوەتى ديارنين و، بەپێى ئەزموونى ميللەتانى ديكەش وەكو عەرەب ، تورك ، فارس ... كە لە حاڵەتى وادا پەنايان بۆ لايەنى ئەكاديمى بردووە، كەوتوونەتە نێو كێشەيەكى يەكجار گەوەرەوە، چونكە لە لايەنێكەوە بابەتێكى هاوبەشە لەنێوان هونەرەكانى هەر يەكێك لە ئەدەب و زمان، بۆيە هەر بڕيارێك لەم بارەوە وەربگيرێت پێوەندييەكى راستەوخۆ بە هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوآ بيناكردنى مێشكى ئينسانەوە هەيە .
لێرەدا پرسيارگەلێكى رەوا سەرهەڵدەدەن، لەوانە :
ئا- ئايا كاتى ئەوە هاتووە كە دەزگە ئەكاديمييەكانى كوردستان دەرگە بۆ ئەم جۆرە ململانێيە بكەنەوەو بەپێى ئەنجامى لێكۆڵينەوەكانيان بڕيار وەربگرن .
ب- ئايا ڕەوانبێژى و شێوازگەرايى تەواوكەرى يەكترن، يان بەپێچەوانەوە پەرەسەندنى هەر يەكێكيان لەسەر حيسێبى لەناوچوونى بەرانبەرەكەيەتى .
پ- دەكرێت ئەم كێشەيە بە شەڕى چالدێران (1514ز) بچوێنرێت ، كە ئەوسا ململانآ لە نێوان دوو زلهێز بوو (عوسمانى – سەفەوى) و لەسەر خاكى كوردستان روويدابوو، ئەمڕۆيش دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ياريكەرەكان جياوازن و لەجياتى ململانآ لەسەر خاك بكرێت ئەمجارە لەنێو مێشكى كورددا ئەنجام دەدرێت .
ج- هەڵسووڕێنەرانى ئەم كێشەيە ملكەچى ئەنجامى زانستى لێكۆڵينەوەكانيان دەبن،يانيش لە سەر پابەند بوونيان بە بيرو ئايديۆلۆژييەكانيانەوە بەردەوام دەبن.
گەڕان بەدواى وەڵام و دۆزينەوەى پاساو بۆ سەلماندنى هەر گريمانەيەك كە بەم دوو لايەنەوە تايبەت بێت، ديسانەوە كارێكى ڕەوايەو لە گرنگى مەبەستە سەرەكييەكەى ئەم كێشەيە كەم ناكاتەوە .
بۆ روونكردنەوەى بنەماو ئامانجەكانى هەردوو لايەنى كێشەكەش ( ڕەوانبيژى و شێوازگەرايى)، بە پێويستمان زانى پشت بە بۆچوونى چەند پسپۆرێكى عەرەبى ببەستين وەكو ( مستفا ناصف ، شكرى محمد عياد ، عبدالسلام المسدي، يوسف أبو العدوس …) بۆ ئەوەى هەردوو لايەن شى بكرێنەوەو لەبارەى تيۆرى و پراكتيكييەوە بەراوردبكرێن و شێوەى مامەڵەكردنيان لەگەڵا دەقى ئەدەبى و زانستى زماندا لێك بدرێنەوەو پۆختەى ئەم كێشەيە لەم چەند خاڵانەدا كورت دەكەينەوە :
1- بنەما زانستە ڕەوانبێژييەكان پشت بە لۆژيكى ئەرستۆيى دەبەستن، بەڵام بوارەكانى شێوازگەرايى لەچوارچێوەى زمانەوانيدا دەستنيشان دەكرێن.
2- زانستە ڕەوانبێژييەكان مۆركێكى هەڵوەشاندنەوەيان هەيە، بەڵام لێكۆڵينەوە شێوازگەراييەكان زياتر ڕێچكەى ڕۆنان و ڕێكخستنەوەى پێكهاتەكان دەگرێتەبەر.
3- لێكۆڵينەوەى ڕەوانبێژى بەرەو جۆرێكى پسپۆرى لە ئاخاوتندا دەڕوات، كە ئەويش ئاخاوتنى ئەدەبييە، بەڵام لێكۆڵينەوە شێوازگەراييەكان هەموو جۆرەكانى ئاخاوتن دەگرنەوە .
4- هەنگاونانى ڕێبازى لێكۆڵينەوەى ڕەوانبێژى لە هونەرى ڕەوانبێژييەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ڕێبازى لێكۆڵينەوەى شێوازگەرايى لە تايبەتمەندێتى خودى شێوازەوە دەستى پآ دەكرێت .
5- مەبەستى ڕەوانبێژى – زۆر جار – ڕێنماييكردن و فێركارييەكى كردارييە، بەڵام مەبەستى شێوازگەرايى تۆژينەوەيى و دەستنيشانكردنێكى وەسفييە .
6- ڕەوانبێژى لە هەڵسەنگاندندا پێوەرێكى دێرينى هەيە، بەڵام شێوازگەرايى لايەنە باش و خراپەكان دەستنيشان ناكات، بەڵكو پتر پێوەندى زمان بەدەقەوەو ڕێكخستن و پێكهاتەكانيان ئاشكرادەكات.
7- مەزراندنى زمان لە شێوازگەراييدا لە ڕێگەى وشەو ڕستەو پەرەگراف و دەقەوە ئەنجام دەدرێت و، بەشێوەيەكى ڕۆنانى و دەروونى و كۆمەڵايەتى هەڵدەسەنگێنرێت، بەڵام ڕەوانبێژى بە شێوەيەكى فەرهەنگى و ڕێزمانى و ڕۆنانى و ڕوونبێژييەوە لە دروستى و ڕەوانى ڕامانەكانى دەق دەكۆڵێتەوە .
8- شێوازگەرايى بە پێى پێداويستە زانستى و تەكنيكييەكان دەتوانێت بەئاستەكانى دەنگ و پێكهاتە و دەلالەتەكانى نێو دەقدا شۆڕببێتەوەو ، تەنيا دياردەكان دەستنيشان دەكات و بەرەو لايەنى رشەخنەيى ناڕِوات. لەهەمان كاتدا ڕەوانبێژى دەتوانێت لە وردەكارييەكانى زمان و پێكهاتەو وێنە ڕەوانبێژييەكان و شێوازەكان ورد ببێتەوە و بۆچوونە ڕەخنەكەيشى لەهەموو ڕوويەكەوە دەرببڕێت.
9- شێوازگەرايى بە شێوەيەكى زنجيربەندى يەك لەدواى يەك لە دياردەكانى شێواز دەكۆڵێتەوە، بەڵام كەم جار ئەم ڕێچكەيە لە ڕەوانبێژيدا دەگرێتەبەر .
ئەمەو چەندين جوداوازى ديكەش هەن كە ڕەوانبێژى و شێوازگەرايى لە ڕووى بنەماو ڕێباز و بۆچوون و كردارەكانيانەوە ، دوو زانستى جودان و هەريەكە لايەنگيرو پەيڕەوكەرانى خۆى هەيە، بەڵام لێرەدا پرسيارى گرنگ ئەوەيە، كە تا چەند ئەم جوداوازييە لەلايەن پسپۆرە ئەكاديمييەكانمانەوە يەكلا دەكرێتەوەو كاميان پەسەند دەكەن
Post a Comment
بۆچوونا خۆ بنڤیسه