main banner

مالپه‌رێ فه‌رمی یێ ئه‌حمه‌د قه‌ره‌نی

 

پێشنیارێكی مرۆڤدۆستانە:

لەپێناو پتر كوردستانیكردنی جەژنی نەورۆز



نەورۆز جەژنێكی هاوبەشە لەنێوان زۆربەی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیا. یەكێك لەو میللەتانەیش كوردە، كە زۆر شانازی بەم جەژنە دەكات، وەكو پێناسە و سۆمبوڵی ئازادیی دادەنێت، تەنانەت ئاگری نەورۆز و ئازادی بە شێوەیەكی وا لە دەروونی تاكی كورددا ئاوێتە بووە، تا ئەو ڕادەیە، كە ئاگری ئەم جەژنەی لێ‌ قەدەغەكراوە، خۆی سووتاندووەو جەژنی نەورۆزی پێی ڕۆشن كردووەتەوە.

لەڕووی هزرییەوە، بە سەدان نووسین چ گۆتار یان كتێب لە سەر نەورۆز نووسراون، بە دەگمەن شاعیرێكی كورد دەبینرێت، كە نەورۆز نەبوو بێتە ئیلهامی هەڵبەستەكانی. بەهەمان شێوە لەبارەی شێوەكاران و سترانبیژانیش و.... بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەموو چالاكییە پراكتیزەكانیان تەنیا لە ئاگركردنەوەو ئاهەنگگێڕاندا ماوەتەوە، ئەمانەیش شتێكی ئاسایینەو هەموو میللەتانی دیكە دەیكەن.

بۆ ئەوەی جەژنی نەورۆز پتر لە دەروونی تاكی كوردستانی نزیك ببێتەوەو نیشانەیەكی دیكەی كوردەواری پێ‌ ببەخشرێت، پێشنیاردەكەم، كە لە شەوی نەورۆز پیرەمێردێكی ڕیش سپی و بە جلی كوردی ڕەسەنەوە بە ناوی (مامە یارە) دیاری جەژنی نەورۆز بە سەر منداڵانی بەشداربوو لە ئاهەنگەكان؛ هەروەها ئەوانەی لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان خەریكی یاری و ئاهەنگێڕانن، یانیش ئەوانەی لە ماڵ ماونەتەوە دابەش بكات.

مەبەست لە پێڕەوكردنی ئەم چالاكییە ئەوەیە كە:

1.  ببێتە نەریتەك و مۆركێكی دیكەی شارستانی بە جەژنی نەورۆز بدرێت.

2.  نەوەی نوێ‌ ببێتە تەوەری سەرەكی جەژن، چونكە ئەوان ئاسۆی دواڕۆژ و ئومێدی پێشكەوتنی گەلەكەمانن.

3.  مامەیارە كەسایەتییەكی لەشكری و چاكساز و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمانەو دەكرێت ببێتە نموونەیەكی زیندوو و نەوەی نوێ‌ پێرەوی ڕێبازەكەی بكەن.

4.  ئەم نەریتە دەبێتە هۆكارێكی بەستنەوە لەنێوان مرۆڤێكی دەروون دروست و نیشتمانەكەی. لە هەمان كاتیشدا مۆركێكی نەتەوەیی و ڕەهەندێكی مرۆڤایەتی بە جەژنەكە دەدات.

خاڵە ئیجابییەكانی ئەم هەنگاوە زۆرن، بەڵام ئەوەی لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە كە مامەیارەی كورد هاوشانی سانتاكلۆسی سەرساڵی زایینی دەبێتە هاوڕێی منداڵان و خۆشەویستی ڕۆڵەكانی كوردستان.

                                                     د. ئەحمەد قەرەنی

 


بۆچوونا خۆ بنڤیسه‌

بۆچوونا خۆ بنڤیسه‌

بابه‌تێ به‌رێ بابه‌تێ دهێت