كەى و بۆچى
خێزان و قوتابخانە هاوبەشن لە پرۆسەى فێركردندا؟
زۆربەى مامۆستايان، تەنانەت هەندێك لە دايكان و باوكانيش لەو باوەڕەدان كە ئەركەكانى ماڵەوە كارێكى لاوەكييە و تەواوكارى پرۆسەى فێركردن و فێربوونى نێو پۆلدايە. ئەوەى ڕاستى بێت ئەم زاراوەيە پڕ بەپێستى خۆى نيە بۆ ئەو پرۆسەيە، بەڵكو (چالاكييەكانى دەرەوەى پۆل) زياتر گوزارش لەو كردەوە دەكات، لەبەر ئەوەى لەكاتى هەبوونى بينايەكى تەندروست و پەروەردەيى، ئەوە قوتابيان دەتوانن لەدواى دەوامى دەستنيشانكراوى ڕۆژانەدا هەر لە هۆڵ و باخچەى قوتابخانەدا ئەو ئەرك و چەندين يارى و چالاكييەكانى ديكەيش ئەنجام بدەن و مامۆستايەك چاودێرييان بكات. لە هەر حاڵەتێكى هەڵاوێركردندا كە قوتابخانە دوو شەفت يان زياتر دەوام بكات، ئەوە چالاكييەكانى دەرەوەى پۆل لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێن. ئەمەش حاڵەتێكى ئاسايى نييە، دەبێت وەكو كێشەيەكى كاتى سەيربكرێت، هەر كێشەيەكى كاتيش ماوەى زەمەنى دەستنيشانكراوى خۆى هەيە.
هۆكارەكانى دروستبوونى ئەم كێشەيە:
1- نەبوونى بينايەى گونجاو، كە دەبێتە ڕێگر لەجێبەجێكردنى پرۆسەكە، ئەويش بە هۆى بچوكى بينايەكە، يان هەبوونى زياتر لە دەوامێك لە قوتابخانەكەدا.
2- كەمى پێداويستييەكانى خوێندن، يانيش نەبوونى هۆيەكانى فێركردن.
3- كەمى ميلاكى مامۆستايانى پسپۆر لە قوتابخانەكەدا.
4- بايەخنەدان بە شوێنى ئەنجامدانى چالاكييەكان وەكو هۆڵ، كتێبخانە، باخچە، تاقيگەكان، گۆڕەپان...
5- دابين نەكردنى هۆيەكانى گواستنەوەى قوتابيان.
6- كەموكوڕى لە سيستمى بەڕێوەبردنى قوتابخانەكە.
7- لەنگى يانيش ناهاوسەنگى لە پرۆگرامەكانى خوێندندا، بە تايبەتى كە تەنيا پشت بە كتێبێكى دەستنيشانكراو دەبەستێت و لايەنەكانى ديكەى فێربوون فەرامۆش دەكرێت.
هەنگاوە سەرەتاييەكانى چارەسەركردنى كێشەكە:
لەم حاڵەتەدا، كە پرۆسەى پەروەردە لە مەترسيدايە، دوو لايەن ڕاستەوخۆ بەرپرسيارن لە دۆزينەوەى چارەسەرى گونجاو لە جێبەجێكرنى بڕگەكانى. يەكەميان كارگێڕى قوتابخانەيەو دووەميانيش بەڕێوەبەرايەتى پەروەردەيەو لەڕێگەى ئەوەوە لايەنەكانى سەرەوەتر. كارەكانى كارگێڕى قوتابخانەش بەم شێوەيە ڕێك دەخرێن:
1- لە كاتى هەبوونى بۆشاييەكى پسپۆڕى لە ستافى مامۆستايانى قوتابخانەكەدا، ئەوە بەڕێوەبەرەكەى بە هەماهەنگى لەگەڵ يەكەى سەرپەرشيارييەوە دەتوانێت بە زووترين كات ئەو بۆشاييە لەڕێگەى مامۆستاى قوتابخانەيەكى ديكە كە بەشەوانەكانى لەو بۆشاييەدا پڕ بكاتەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە دەستەبەر نەبوو، ئەوە بەڕێوبەرەكە دەتوانێت مامۆستايەكى وانەبێژ بە شێوەيەكى كاتى و بەپێى ڕێنماييەكانى دارايى ئەو بۆشاييەى پێ پڕ بكاتەوە.
2- بۆ هەر وانەيەكى خوێندن سێ كتێبى پەسەندكراو هەن، يەكەميان وەكو پرۆگرامى ساڵى خوێندن، دووەميان كتێبى ڕابەرى مامۆستا، و سێيەميانيش كتێبى چالاكييەكانى قوتابييە. هەردوو كتێبى يەكەم و دووەم بنەمايەكى سەرەكين لە وانەوتنەوەى نێو پۆلدا، بەڵام ئەوەى سێيەم بۆ كارامەيى قوتابييە كە لە نێوان قوتابخانەو ماڵدا بەكاردێنێت. ئەم پۆلين كردنەيش ئەركى خێزان بە جوانى دەستنيشان دەكات كە سەرەڕاى ئەركى پەروەردەييەوە، لەڕووى فێركردنيشەوە بەدواداچوونى كارى منداڵەكەى دەكات بە تايبەتى ئەوەى پێوەندى بە كتێبى سێيەمەوە هەيە.
3- بەپێى ڕێككەوتنێكى هاوبەشەوە، كە لە نێوان قوتابخانەو خێزاندا دەكرێت، بە تايبەتى ئەگەر يەك دەوامى و پێداويستييەكانى ديكەى خوێندن لە قوتابخانە فەراهەم نەكرابن، يانيش ڕەفتارو هەڵسوكەوتى قوتابى لە ماڵەوە ئاسايى و لەبارنەبێت، بۆ نمونە كاتێكى زۆر لەدەرەوەى ماڵەوە بگوزەرێنێت يانيش ماوەيەكى ڕادەبەدەر خەريكى يارى ئەتارى و تەماشاكردنى تەلەفزيۆن بێت... بۆ چارەسەركردنى ئەم جۆرە حاڵەتانە دەكرێت بە ڕێككەوتن لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا، ئەركى زياتر بەو قوتابييە بسپێردرێت و بەدواداچوونى بەردەواميشيان بۆ حاڵەتەكە هەبێت. لەم ڕووەوە ماندووكردنى قوتابى و هەندێك لە بارگرانى خێزان دەبێتە ڕێگەچارەيەكى گونجاو بۆ پاراستنى تەندروستى قوتابى و لە هەمان كاتيشدا ڕاستكردنەوەى هەڵسوكەوتى لەنێو ماڵدا...
بۆ زياتر ڕێكخستنى كارەكان لەنێوان قوتابخانە و خێزاندا و دەستنيشانكردنى ئەركەكانيان، وا بە باش دەزانين كە هەندێك ڕێنمايى و ڕوونكردنەوەى پێويست لە لاپەرەيەكى هەر كتێبێكى خوێندندا تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەى هەردوو لايەن بە وردى ئەركەكانيان بزانن. لەبارەى بازنەى يەكەمى قۆناغى بنەڕەتييەوەيش ئەگەر دەفتەرێكى بچووكى تايبەت بە پێوەندييەكانى هەردوو لايەن لە نێو هەگبەى قوتابيدا هەبێت بۆ ئەوەى ڕۆژانە يانيش بەپێى پێويست تێبينى و بۆچوونەكانيان تێدا تۆمار بكەن و لەنێوانياندا ببێتە پۆستەيەكى پەيامدارى لێكتێگەيشتنى خێزان و قوتابخانەو پێگەيشتنى قوتابى...
------------------------------------------------
* لە ڕۆژنامەى هەولێر ژمارە 3019 ڕۆژى دووشەممە 4ى شوباتى 2019 ل 15 دا بڵاوكراوەتەوە.
Post a Comment
بۆچوونا خۆ بنڤیسه