main banner

مالپه‌رێ فه‌رمی یێ ئه‌حمه‌د قه‌ره‌نی

 


دەروازە

پێگەى ئاوازە فۆلكلۆرييەكانى نەتەوەى كورد

  نەتەوەى زيندوو خاوەن گيانێكى بزێوى چالاكە، گەورەترين چالاكييەكانيشى لەنێو ئاوازى مانادارو سەليقە ڕەوانەكانيدا بەدى دەكرێن لەكاتى ستران گوتندا، بە تايبەتى ئەو سترانانەى لەگەڵ ڕێژنەى سۆزو لێمشتە جۆشدارەكانى هەستدا لە دايك دەبن و، لەگەڵ گەشەكردنياندا نەمرى خاوەنەكانيان دەپارێزن و، ڕێگەى داهێنانيش لە ڕيزبەندى ژيانى نەوەكاندا خۆش دەكەن. هەر لەم سۆنگەيەوە مرۆڤ بە ئاسانى هەست بەو ڕاستييە دەكات، كە ڕوحى ميللەتى كورد بە درێژى قۆناغەكانى مێژووى دێرين و ناوەڕاست و نوێيشەوە، لە نێو ئاوازە فۆلكلۆرييەكانيدا بە زيندوويى ماوەتەوەو، ئێستاش دەرفەتى فراوانترو لەبارترى بۆ ڕەخساوە، كە گەشە بكات و هەر لەبرەوداندا بێت.. ئەگەر لە ڕۆژگارى سەختى ڕكابەرييەكانيشدا، لێرەو لەوێ، ميللەتى كورد شكستێكى خواردبێت، يانيش سەرمايەو سەنتەنەتێكى لە دەست دابێت، لە ئەنجاميشدا روحى نەتەوەيى لاواز بووبێت، ئەوە لە ڕێگەى ئاوازو پەيڤە ناسكەكانى بەندو لاوك و پايزۆك و حەيرانەكانەوە شاخوێنبەرە بزوێنەرەكانى ئەو روحە جارێكى ديكە زيندوو كردۆتەوەو، شوێن پەنجەكانيشيان لەم شێوازانەى خوارەوەدا بەرجەستە دەبن:

- سەربردە مێژووييەكانى گەل لە نێو سترانەكاندا تۆماركراون.

- بۆ پيشەپەروەرى و كاركردنى ڕۆژانەدا هيمەتبەخش بوونە.

- دەربڕينێكى ڕاستەوخۆى خۆشەويستى و جوانى بوونە.

- ئەدگارە مرۆڤايەتييەكانى نەتەوەى كوردى پاراستووە.

- ڕێبازێكى ڕەوا بووە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت و خۆبەختكردن لە پێناو خاكدا.

- زمانى ڕێزگرتن بووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دۆست و ناحەزاندا، لەهەمان كاتيشدا ئامرازى       مامەڵەكردن بوونە لەگەڵ گيانلەبەرە كەوييەكان و ڕێبەرێكى شارەزاشبوونە كە لە بەخێوكردنياندا بەكارهاتوون.

بۆ سەلماندنى ئەم بۆچوونانەى سەرەوەش، بەڵگەى پێويست هەر لە ميانى سەربردەكانى ژيانى ڕۆژانەى خەڵكى كوردستانەوە وەردەگرين. بۆ نموونە:

·   كاتێك جوتيارێكى كورد كێڵگەكەى دەكێڵا دەستڕەنگييەكى پڕ شارەزايى دەنواند.. ئاژەڵ و ئامێرەكانى جووتكردن ئامادە دەكردن. لە ئاژۆتندا هيچ قامچى و گۆچان بەكارنەدەهێنا. بەڵكو بە ئاوازى جۆشدارو سترانى تايبەتى جووتكردنەوە دڵى خۆش دەبوو و ئاژەڵەكانيشى بەپێى سەليقەى دەنگى ئەوەوە، بەرەو پێشەوە يان بەرەو ڕاست و چەپ دەجووڵان. كليلى ئەم هەموو هەڵگەڕان و وەرگەڕانانەيش تەنيا ئاوازە خۆشەكانى ئەوبوون. لەگەڵ هەر بێدەنگييەكيش ئاژەڵكان ڕادەوەستان. لێرەدا پرسيارێك سەرهەڵدەدات، ئەويش ئەوەيە كە: ئەم حاڵەتە گوزارش لە چ مامەڵەكردنێكى مرۆڤايەتى دەكات و ئەم ڕەفتارەش  چ جۆرە خۆگونجاندنێكە لەگەڵ سروشتدا؟!..

·   لە گۆڤەندە كوردەوارييەكاندا بازنەى شايى لەبەر ئاوازەكانى دەهۆڵ و زوڕنا دەسووڕايەوە، يانيش بەپێى سترانە سەليقە سووكەكانى داوەت و ديلانان گەرم دەبوو. كاتێك يەكێكى ناشارەزا هاتبوايە نێو شايى ولە جووڵە سەمايەكانيدا هەڵەيەكى نائەنقست بكردايە بە كەتنێكى گەورە دادەنراو، زوڕنابێژەكەيش دەمى زوڕنايەكەى بە دەنگە تيژەكەيەوە دەخستە نێو گوێى ئەو بەستەزمانەو هێڕو كەڕى دەكردو وازى لێ نەدەهێنا تا هەڵەكەى ڕاست نەكردبايەوە. ئەمەش ئەوە دەگەيەنێت، كە هەر كەسێكى سەمازان و شاييكەرو گويێكى مۆسيقايى نەبوايە، كارێكى ستەم بوو بڵێت: ( من كوردم)..!؟

·   ئەوەى لە بەرۆكى دروێنەدا دواكەوتبايە، يانيش بە جوانى لەگەڵ ڕيزى هاوكارەكانيدا ئيشى نەكردايە.. ئەوە سەركار بە گۆرانى دەكەوتەشوێن پێى و لەنێو پەيڤە بەجۆشەكانى سترانەكانيدا هانى دەدا، خۆى ڕاست بكاتەوەو لەگەڵ هاوكارەكانيدا بەردەوام ببێت..!؟    

·   دايك بە لايلايەو ئاوازە خۆشەكانييەوە منداڵەكەى پەروەردە دەكرد... ئەو شتەى منداڵ بە ڕێگەى ئاوازەوە فێرى دەبێت، ڕێكوپێكترو چەسپاوترە لەوەى بە ڕێگەيەكى ديكەوە فێر دەبێت. 

بۆ هەر يەكێك لەم لايەنانەى سەرەوە ستران و ئاوازى تايبەتى خۆى هەيە. بە كۆكردنەوەى هەر يەكێكيانيش ( كە تا ڕادەيەكى باش ئەنجامدراوە ) فەرهەنگێكى گۆرانى دروست دەبێت. تێكڕاى كارەكەش ئينسكلۆپيديايێكى هونەرى دەوڵەمەند دێتەكايەوە.

  لە ئەنجامدا دەتوانين بڵێين، كە مرۆڤى كوردى ڕەسەن لە هەر بوارێكى ژيانى ڕۆژانەى خۆيدا تێكەڵ بە ئاواز و ستران دەبوو و جۆش و خرۆشێكى سۆزدارى پايەبەرزيشى بە كارو چالاكييەكانى دەدا. ئەمەش كليلى نهێنى مانەوەى نەتەوەى كوردە، چونكە ئاوازە خۆشەكان هەوێنى بەردەوامبوونى ژيانن و لە هەمان كاتيشدا نيشانەى زيندوويى هەر نەتەوەيەكە، كە هەميشە چاوى لە ئاسۆ ڕووناكەكانى ئازادييە.             


 


بۆچوونا خۆ بنڤیسه‌

بۆچوونا خۆ بنڤیسه‌

بابه‌تێ به‌رێ بابه‌تێ دهێت