فێركردنى قوتابى ئەركی كێيە؟ قوتابخانە يانيش كەسوكارى قوتابى
* لەم داوييەدا تێبينى ئەوە دەكرێت كە بەشێك لە مامۆستايان ئەركى فێركردن دەهاويژنە ئەستۆى كەسوكارى قوتابى و ئەركى زۆرى ماڵەوە بە قوتابيەكانيان دەسپێرن و خێزانەكانيش رايدەگەينن كە گوتنەوەى وانە و شيكارى بابەتەكانى پرۆگرامەكانى خوێندن پێويستى بە كەسانى پسپۆر و شارەزا لە رێگاكانى وانەگوتنەوە هەيە و خێزانەكان ناتوانن ببنە جێگرەوەى مامۆستا و قوتابخانە. بۆچوونەكانتان لەم بارەوە چيە؟
ـ پەروەردەكردنى منداڵ كارێكى هاوبەشە لەنێوان خێزان و قوتابخانەدا، بەڵام وردەكارييەكانى ئەم پرۆسەيە زۆر لق وپۆپى لێََ دەبێتەوە، كە گرنگترينيان هەردوو كردەوەى فێربوون و فێركردنەو بە تايبەتى لە قۆناغى بنەڕەتدا. گرنگى فێربوون و فێركردنيش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە هەردووكيان لەنێو سيستەمى پەروەردەى فەرميدا، پرۆسەيەكى ئاوێتەييەو پێوەندييەكى هۆرمۆنيكى لەنێوانيادا هەيە. ئەگەر مامۆستا ئۆرگانى لايەنى يەكەم بێت، ئەوە قوتابى ئۆرگانى لايەنى دووەمە. ستراتيژييەى پەروەردەى كلاسيك (كۆن) زياتر جەخت لە سەر لايەنى فێركردن دەكات، كەمتر ئاوڕ لە پرۆسەى فێربوون دەداتەوەو بەپێى ئەنجام و دەرهاوێشتەكانى فێركردنەوە هەڵدەسەنگێنرێت. بەڵام ستراتيژييەى پەروەردەى نوێ (كە لە زۆربەى وڵاتە پێشكەوتووەكاندا پێڕەو دەكرێت) پشت بە پرۆسەيەكى هاوسەنگ لەنێوان فێركردن و فێربووندا دەبەستێت، كە ئۆرگانەكانيان مامۆستا و قوتابيانن، هەر لايەنێك ڕۆڵى كاريگەرى خۆى هەيە. كەواتە پرۆسەى پەروەردەى كلاسيك لە يەك ئاراستەدا ئەنجام دەدرێت، ئەويش لە مامۆستاوە بۆ قوتابى، بە پێچەوانەيشەوە پەروەردەى نوێ لە سێ ئاراستەدا كاردەكات، كە هەردوو لايەنى لە يەك پرۆسەدا كۆدەكاتەوە، ئەويش پرۆسەى (فێركردن و فێربوونى هاوبەشە)ە. سێ ئاراستەكەيشى بەم شێوەيەيە: ئاراستەى يەكەم لە مامۆستاوە بۆ قوتابى، ئاراستەى دووەم لە قوتابييەوە بۆ مامۆستا، ئاراستەى سێيەميش لە قوتابييەوە بۆ قوتابى.
* وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى كوردستان چ جۆرە ستراتيژييەك پێڕەو دەكات؟
ـ وەزارەتى پەروەردە بەرەو جێبەجێ كردنى ستراتيژييەى پەروەردەى نوێ دەڕوات. بەپێى فەلسەفەى پەسەندكراوى خۆى ستراتيژييەى هەماهەنگى لەنێوان هەردوو لايەنى فێركردن و فێربووندا ئەنجام دەدات و لە زۆربەى قوتابخانەكاندا سيستەمى وانەوتنەوە بە ڕێگەى گرووپەكان بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە تەگەرەى زۆر ڕێگرن و كەموكورى زۆريش بەدى دەكرێت، بەڵام ئيرادەى چارەسەركردن هەيەو پرۆسەكەيش هەنگاو هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات و لە ئاستێكى باشدايە... بۆ زياتر ڕوونكردنەوەى ئەم لايەنەى كە(تا ڕادەيەكى زۆر) ئاڵۆزو گشتگيرە، پێويستە هەموو لايەنەكانى ئەم هاوكێشەيە لە خێزان و ناوەندەكانى خوێندن هاوڕا بن لەسەر شيكردنەوەو لێكدانەوەى هەندێك ڕاستى كە هەن و پێويستييان بە جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنێكى بەردەوامن و ڕاستەخۆ پێوەندييان بە هەر سێ پرۆسەى (فێركردن) و ( فێربوون) و (فێركردن و فێربوونى هاوبەش)ەوە هەيە:
1- ئەوەى پێوەندى بە فێركردنى فەرمييەوە هەيە، كە لە قوتابخانەدا ئەنجام دەدرێت، ئەركى سەرەكى ئەم پرۆسەيەيش لە ئەستۆى مامۆستادايە. هەر مامۆستايەكيش پابەندە بە ڕێنمايەكانى قوتابخانەكەيەوەو پلانى تايبەتى خۆى هەيە، كە بەپێى بەشە وانەو ڕۆژو مانگ و وەرزو ساڵدا نەخشەى بۆ دەكێشێت. ئەنجامگەرايى كوششى هەر ساڵێكى خوێندنيش لە تاقيكردنەوەكانى كۆتايى ساڵدا دەردەكەوێت وئاستى قوتابى پێ دەستنيشان دەكرێت. بەم شێوەيە فێركردن پرۆسەيەكى سيستەماتيكەو جەخت لەسەر بنەماكانى پەروەردەيى و پرەنسيپى زانستەكان دەكات. ئەم بنەماو پرەنسيپانەيش برەو بە گەشەكردنى هزرى و جەستەيى و ويژدانى منداڵ دەدەن... ناكرێت و بەڵكو كارێكى ئەستەميشە پرۆسەيەكى وا ئالۆز لە دەرەوەى قوتابخانە ئەنجام بدرێت، بۆيە هەميشە قۆناغى خوێندنى سەرەتايى تەوزيمييەو نابێت هيچ منداڵێك لە تەمەنێ نێوان (6-12) ساڵدا لە دەرەوەى قوتابخانە بمێنێت. بەپێى پێشكەوتنى هەر وڵاتێكەوە ڕێژەى دەستنيشانكردنى ماوەى تەوزيمى بەرەو هەڵكشانێكى سەرەوەتر دەروات. بەپێچەوانەيشەوە دواكەوتوويى هەر وڵاتێك لەوەدا ديارە، كە چەند منداڵ لە قوتابخانەكاندا ناونووس نەكراون يانيش لە خوێندن دابڕاون... لێرەدا، ئێمەى كورد هەست بە شانازى دەكەين كە خوێندن لە قۆناغى بنەڕەتيدا تەوزيمييەو پۆلەكانى (1-9) دەگرێتەوە. كەواتە پيشەى مامۆستايەتى فێركردنەو ئەوەى بۆ ئەم پيشەيەيش ئامادە نەكرابێت نابێت كارى مامۆستايێتى بكات. تەنانەت لە پيشەى مامۆستايێتيشدا پسپۆرى جۆراوجۆر هەيەو هەر مامۆستايەكيش لە سنوورى پسپۆرييەكەيدا كاردەكات. ئەمەيش ئەو ڕاستييە دەسەلمێنێت كە زۆر جار مامۆستاش ناتوانێت خۆى لە قەڕەى هەر پسۆرييەك بدات كە دوور بێت يانيش پێوەندى بە پسپۆرييەكەيەوە نەبێت...لە كۆتاييدا بۆ ئەم مەسەلەيە دەڵێين ئەگەر مامۆستا بۆى نەبێت هەر بابەتەك بڵێتەوە، چۆن كەسانێكى ديكە كە نە لەدوورو نە لە نزيكەوە پێوەندى بە كارى وانەوتنەوەوە نەبێت، دەتوانێت ئەم ئەركە قورسە هەڵبگرێت... ئەمەيش پێش ئەوەى پرسيارێك بێت بەرپرسيارێتييەكى ئەخلاقى و ياسايى و تەنانەت نيشتمانيشەو لە ئەستۆى قوتابخانەو خێزاندايە.
2- ئەوەى پێوەندى بە پرۆسەى فێربوونەوە هەيە، كە پرۆسەيەكى خودى يەو هەر تاكێكى كۆمەڵ تواناى خورسكى تايبەت بە خۆيەوە هەيەو ڕادەى ئامادەكارى هەر يەكێكيشيان بۆ فێربوون جودايە. فاكتەرى بۆماوەيى ڕۆڵێكى گرنگى هەيە، بەڵام چاوپوشى لە فاكتەرى ژينگەييش ناكرێت، چونكە دەوروبەر ڕێگەخۆشكەرە يانيش هەنديك جار تەگەرە لەبەر گەشەكردنى پرۆسەى فێربوون دروست دەكات. لەم بارەيەوە جياوازى تاكەكان لەنێو ناوەندەكانى خوێندندا بە هەند وەردەگيرێت، كە لە بيركۆلانەوە دەستپێ دەكات و تا دەگاتە بەهرەمەندان. بۆ منداڵانى بيركۆل و بەهرەمەند پلانى پەروەردەيى تايبەت هەيە. ئەوانەى لە دەرەوەى پەروەردەى تايبەتن كە نە بيركول و نە بەهرەمەندن، بە منداڵى ئاسايى هەژمار دەكرێن و پرۆسەى فێركردنى فەرمى دەيانگرێتەوەو ڕێژەيان لە (90%) سەرەوەترە، بۆيە ئەوان پێوەرى سەرەكين بۆ چۆنيەتى جێبەجێ كردنى ستراتيژييەى پەروەردەيى.
* ئەگەر پەروەردەى منداڵ پرۆسەيەكى هاوبەش بێت لەنێوان قوتابخانەو خێزاندا، ئايا خێزانيش لە داڕێشتنەوەى ستراتيژييەى فێركردندا بەشدار دەبێت؟
ـ ڕۆڵى خێزان لە داڕێشتنەوەى ستراتيژييەكانى پەروەردەدا لاوازە، تەنانەت هەندێك جار بە تەواوەتى بێ ئاگايەو ڕۆڵێكى ئەڕێنى پێ نادرێت. دوورخستنەوە يانيش خۆدوورخستنەوەى خێزان لە داڕێشتنەوەى ستراتيژييەكانى پەروەردەدا خاڵێكى سەلبييە لە ڕێبازى پرۆسەى پەروەردەى هەرێمدا. تا ئێستا ئەم بۆشاييە پڕنەكراوەتەوەو زۆربەى كێشەكانى قوتابيان لەسەر ئەم ڕووبەرە تەشەنە دەكەن. پێويستە ئەم مەسافەيە لەنێوان قوتابخانەو ماڵدا كورت بكرێتەوە، بۆ ئەوەى هەر هيچ نەبێت لە هەنگاوى يەكەمدا، هەر لايەنێك بەوردى ئەركەكانى خۆى بزانێت.
ئێستا پلانڕێژى بۆ بەهێزكردنى ئەم پێوەندييە هەيە و كار بۆ جێبەجێ كردنيشى بەردەوامە، بەڵام هەنگاوەكان نەگەيشتۆنەتە ئاكامێكى بەردەستەكراو كە بەرهەمەكانيان ديار بێت و قوتابى هەست پێ بكات.
* هۆكارى دياردەى زۆرى ئەركەكانى ماڵەوە كە بەشێك لە مامۆستا بە قوتابيانى دەيسپێرن. چيە؟ بەشێك لە كارگێڕى قوتابيان هۆكارى ئەوە بۆ نەبوونى ميلاكى پسپۆرو بوونى وانەبێژ دەگەڕێننەوە، بەبۆچوونى ئێوە راستە؟
ـ ئەركەكانى ماڵەوە كارێكى لاوەكييە و تەواوكارى پرۆسەى فێركردن و فێربوونى نێو پۆلدايە. ئەوەى ڕاستى بێت ئەم زاراوەيە پڕ بەبيستى خۆى نييە بۆ ئەو پرۆسەيە، بەڵكو (چالاكييەكانى دەرەوەى پۆل) زياتر گوزارش لەو كردەوە دەكات، لەبەر ئەوەى لە كاتى هەبوونى بينايەكى تەندروست و پەروەردەيى، ئەوە قوتابيان دەتوانن لەدواى دەوامى دەستنيشانكراوى ڕۆژانەدا هەر لە هۆڵ و باخچەى قوتابخانەدا ئەو ئەرك و چەندين يارى و چالاكييەكانى ديكەيش ئەنجام دەدەن و مامۆستايەك چاودێرييان دەكات. لە هەر حاڵەتێكى هەڵاوێركردندا كە قوتابخانە دوو شەفت يان زياتر دەوام بكات، ئەوە چالاكييەكانى دەرەوەى پۆل لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێن. لەم حاڵەتەدا كارگێڕى قوتابخانە كارەكانى بەم شێوەيە ڕێك دەخات:
أ- لە كاتى هەبوونى بۆشاييەكى پسپۆرى لە ستافى مامۆستايانى قوتابخانەكەدا، ئەوە بەڕێوەبەرەكەى بە هەماهەنگى لەگەڵ يەكەى سەرپەرشتيارييەوە دەتوانێت بە زووترين كات ئەو بۆشاييە لەڕێگەى مامۆستاى قوتابخانەيەكى ديكە كە بەشەوانەكانى لەو بۆشاييەدا پڕ بكاتەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە دەستەبەر نەبوو، ئەوە بەڕێوبەرەكە دەتوانێت مامۆستايەكى وانەبێژ بە شێوەيەكى كاتى و بەپێى ڕێنماييەكانى دارايى ئەو بۆشاييە پێ پڕ بكاتەوە.
ب- بۆ هەر وانەيەكى خوێندن سێ كتێبى پەسەندكراو هەن، يەكەميان وەكو پرۆگرامى ساڵى خوێندن، دووەميان كتێبى ڕابەرى مامۆستا، و سێيەميانيش كتێبى چالاكييەكانى قوتابييە. هەردوو كتێبى يەكەم و دووەم بنەمايەكى سەرەكين لە وانەوتنەوەى نێو پۆلدا، بەڵام ئەوەى سێيەم بۆ كارامەيى قوتابييە كە لەنێوان قوتابخانەو ماڵدا بەكارى دێنێت. ئەم پۆلين كردنەيش ئەركى خێزان بە جوانى دەستنيشان دەكات كە سەرەڕاى ئەركى پەروەردييەوە، لەڕووى فێركردنيشەوە بەدواداچوونى كارى منداڵەكەى دەكات بە تايبەتى ئەوەى پێوەندى بە كتێبى سێيەمەوە هەيە.
ت- بەپێى ڕێككەوتنێكى هاوبەشەوە، كە لە نێوان قوتابخانەو خێزاندا دەكرێت، بە تايبەتى ئەگەر يەك دەوامى و پێداويستييەكانى ديكەى خوێندن لە قوتابخانە فەراهەم نەكرابن، يانيش ڕەفتارو هەڵسوكەوتى قوتابى لە ماڵەوە ئاسايى و لەبارنەبێت، بۆ نموونە كاتێكى زۆر لەدەرەوەى ماڵەوە بگوزەرێنێت يانيش ماوەيەكى لەڕادەبەدەر خەريكى يارى ئەتارى و تەماشەكردنى تەلەفزيۆن بێت... بۆ چارەسەركردنى ئەم جۆرە حاڵەتانە دەكرێت بە ڕێككەوتن لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا، ئەركى زياتر بەو قوتابييە بسپێردرێت و بەدواداچوونى بەردەواميشيان بۆ حاڵەتەكە هەبێت. لەم ڕووەوە ماندووكردنى قوتابى و هەندێك لە بارگرانى خێزان دەبێتە ڕێگەچارەيەكى گونجاو بۆ پاراستنى تەندروستى قوتابى و لە هەمان كاتيشدا ڕاستكردنەوەى هەڵسوكەوتى لەنێو ماڵدا.
بۆ زياتر ڕێكخستنى كارەكان لەنێوان قوتابخانە و خێزاندا و دەستنيشانكردنى ئەركەكانيان، وا بە باش دەزانين كە هەندێك ڕێنمايى و ڕوونكردنەوەى پێويست لە لاپەرەيەكى هەر كتێبێكى خوێندندا تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەى هەردوو لا بە وردى ئەركەكانيان بزانن. لەبارەى بازنەى يەكەمى قۆناغى بنەڕەتييەوەيش ئەگەر دەفتەرێكى بچووكى تايبەت بە پێوەندييەكانى هەردوو لا لە نێو هەگبەى قوتابيدا هەبێت بۆ ئەوەى ڕۆژانە يانيش بەپێى پێويست تێبينى و بۆچوونەكانيان تێدا تۆمار بكەن و لەنێوانياندا ببێتە پۆستەيەكى پەيامدارى لێكتێگەيشتنى خێزان و قوتابخانە و پێگەيشتنى قوتابى...
Post a Comment
بۆچوونا خۆ بنڤیسه